کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

"چی بکەین بۆ ئەوەی پێشبکەوین؟"‌


جۆرج بەرنارد شۆ ئەڵێت: "پێشکەوتن مەحاڵە بەبێ گۆڕانکاری، وە ئەوانەی ناتوانن مێشکیان بگۆڕن، ناتوانن هیچ شتێک بگۆڕن"
کەواتە ئەگەر بمانەوێ ئەم پەندەی 'شۆ' لەسەر خۆمان 'کوردستان' جێبەجێ بکەین دەبێت شرۆڤەیەکی ئەم خاڵانەی خوارەوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەندەدا بکەین:
1. ووڵات: چۆن پێشدەکەوێت؟ یان دەبێت کاربەدەست و دەسەڵاتدارەکان مێشک و بیرکردنەوەیان بگۆڕن یاخود ئەبێت خۆیان بگۆڕێن و جێگە بۆ کەسی شیاو بکەنەوە کە خاوەنی ئەو مێشکە نوێیەیە کە بتوانێ گۆرانکاری لەپێناوی پێشکەوتن بخوڵقێنێت. ئەگەریش کارگەیشتە ئەوەی کە دەسەڵات نە بەویستی خۆی بەجێیهێشت و نەئامادەیی گۆڕینی مێشکی هەبوو ئەوا خەڵک خۆی دەبێت بیر لەچارەی خۆی بکاتەوە و ئەلتەرناتیڤی ئەو گۆڕانە دروست بکات. زیاتری لەسەرباس ناکەم چونکە خاڵەکە خۆی ئاشکرایە.
2. پەروەردە: چۆن پێش دەکەوێت؟ هەڵبەتە هەمووبوارەکانی ژیانکردن پەیوەندیەکی توند و دانەبڕاوەی بە بەڕێوەبردنی ووڵاتەوە هەیە. بەڵام ئەرکی گەورەی پێشکەوتنی بواری پەروەردە دەکەوێتەسەر خوێندکار و مامۆستا. مامۆستا ئەگەر هەستی کرد کەشێوازی مامۆستایەتیەکەی بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت کاریگەری نیە، ئەوا دەبێت ستراتیجیەتی خۆی بگۆڕێ. بەمەرجێک هیچ کات ستاندەردی فێربوون نەکاتە قوربانی، واتە هەمیشە دەبێت خوێندکار ئاستی خۆی بەرزتربکاتەوە و هەرگیز ئاستی خوێندن و فێربوون لەبەرخاتری خوێندکار نزم نەکرێتەوە. خوێندکار، ئەگەر زانی کە بەستاندەردی فێربوون ڕاناگات، دەبێت هەوڵی زیاتری بۆ بدات و لەبوارەکانی تری وەکو: کۆمەڵایەتی و سەرگەرمی و خۆشی وەرگرتن کەم بکاتەوە و قوربانیان پێبدات. چونکەهەمیشە گۆڕانکاری و ئنجا پێشکەوتن قوربانی زیاتری ویستوە.
3. تەندروستی: چۆن پێش دەکەوێت؟ راستەوخۆ پەیوەندی بە ووڵات و سیستەمی بەرێوەبردنەکەیەوە هەیە، بەڵام زۆریش پابەندە بە پەروەردەوە، ئەگەر سیستەمی پەروەردە بەپێی پێویست گۆڕانکاری تیاکرا لەپێناوی پێشکەوتن (هەڵبەتە بە کۆمەکی خوێندکار و مامۆستا) ئەوسا کادری پێشکەوتووی تۆکمە بۆ سیستەمی تەندروستی و هەموو سیستەمەکانی تر بەرهەمدەهێنرێت. هێشتا لەسەر کارمەندانی تەندروستی پێویستە گۆڕانکاری لە مێشکی خۆیاندا بکەن بۆ ئەوەی گۆرانکاری و پاشان پێشکەوتن لە سیستەمی تەندروستیدا ببینن. زۆربەی ئەو کێشانەی کە لەکەرتی تەندروستی لای خۆمان هەیە پەیوەندی بە ( work ethics) واتە رەوشتی کارەوە هەیە. پێش هەموو شتێک دەبێت کارمەندەکان ئەو راستیە لەمێشکی خۆیان بچەسپێنن کە ئەوان لەپێناوی خزمەت بە مرۆڤایەتی کاردەکەن، چونکە هیچ کارێک لەوە پیرۆزتر و گرنگترنیە روحلەبەرێک لەئازار نەجات بدەیت. کەوایە وەکو کارە پیرۆزەکە دەکەیت، پێویستە 'attitude ' هەڵوێست یاخود رەوشی خۆت بەپێی پیرۆزی کارەکەت بگۆڕیت. هەڵبەتە ئەم مەسەلانەی رەوشت و رەوشی مرۆڤ بۆ هەموو تاکێک وەک یەکە و پێویستیەکی گرنگە، بەتایبەت بۆ مامۆستا، کە بۆئەوی بتوانێ یارمەتی خوێندکاران بدات بۆ فێربون دەبێت لەرێگەی رەوشت و رەوشی خۆیەوە جۆرە 'connection ' پەیوەندیەک لەگەڵ ئەو گەنجە دروست بکات کەخوازیاری فێربوونە، هەتا ببێت بە 'role model' پێشەنگێک بۆی. ئەرکی مامۆستایەک لە ئەرکی پزیشک یان کارمەندێکی تەندروستی زۆر هەستیارتر و گرنگترە، چونکە ئەوان دەتوانن بە هەڵەیەک ژیانی کەسێک یان دووان کۆتایی پێبهێنن، بەڵام مامۆستایەک بەجارێک دەتوانێ ژیانی سەدان لەناوبەرێت. چونکە رۆژانە پەیوەندی لەگەڵ خوێندکار هەیەو ئەگەر رۆژانە هەڵە دووبارەبکاتەوە دەتوانێ ژیانیان بشێوێنێت. بۆیە دەڵێم پزیشک بە دەرزیەک یەک کەس دەکوژێ بەڵام مامۆستا بە دەرسێک دەتوانێ سەد کەس بکوژێ!
4. ژن و ژینگە: چۆن پێشدەکەوێت؟ گرنگترین شت بۆ 'Layman' واتە مرۆڤێکی سادە، متمانە یاخود دەستەبەری ژیانە هەتاکو بتوانێت گۆڕانکاری لەخۆییدا دروست بکات و پاشان پێش بکەوێت. واتە دەبێت بەرێوەبەری ووڵات پێویستیەکانی بۆ دابین بکات، هەلی کاری گونجاوی هەبێت، یاخود بیمەی بێکاری بۆ دابین بکرێت و هەوڵی جدی بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی بۆسەرکاری شیاو بەخۆی. دەبێت پارێزگاری و ئاسایشی بۆ فەراهەم بکرێت، وە زۆر پێداویستی گرنگی ژیانی هەیە بۆی دەستەبەر بکرێت هەتا بتوانێت وەکو مرۆڤ ژیان بکات. بەمەرجی ئەوەی هەموو ئەو پێداویستیانەی هەبێت، دەبێت چی بکات کە بتوانێ گۆرانکاری راستەقینە بەرەو پێشکەووتن لەخۆیدا دروست بکات؟ بە بۆچوونی من دوو چەمکی گرنگ هەیە کەدەبێت دیدگای خۆی لەبارەیانەوێ بگۆڕێت، کە ئەوانیش بریتین لە چەمکی ژن و چەمکی ژینگە. چەمکی ژن: ئاشکرایە کۆمەڵگای ئێمە بە ژن و پیاوەوە چۆن دەڕوانینە ژن، تەنانەت هەندێ لەژنان خۆشیان بە خودئاگایی بێت یان نا چ جۆرە مافێکی نزیک بەمافی پیاو بۆخۆشیان نابینن. مرۆڤی سادەی کورد و بگرە مرۆڤەکانی تریش، دەبێت مێشکی خۆی لەبارەی ژنەوە بگۆڕێت و چیتر ژن وەکو ئامرازێکی چێژ لێوەرگرتن و دەزگایەکی خزمەتکردن و کارگەیەکی منداڵ دروستکردن نەبینێت. دەبێت هەر مافێک لەسنوری یاسا و نەریتی کۆمەڵگا بەڕەوادەبینرێت بۆ ژنی بەڕەوا ببینێت. لێرەدا دەبێت ژن خۆی رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە گۆڕینی مێشکی کۆمەڵگەدا، چۆن ژنێک ئەتوانێت ئەم رۆڵە بگێڕێت؟ ژنێک کە کاربکات (مەبەستم لێی تەنها کاری نان پەیداکردن نیە)، کە زیرەک بێت (تەنها لەخوێندن نا)، کە ئازا و چاونەترس بێت، لەسەرخۆ و شێلگیربێت، نمونەی رەوشت و رەوشی بەرز و پێشەنگ بێت، زمان پاک و نیەت پاک بێت، هەستێکی ووڵاتپارێزی وەکو هەستی دایکایەتی هەبێت، پێشەنگایەتی کۆمەڵگەبکات بۆیە دەبێت جێگەی باوەڕبێت. ئەگەر ژن توانی ئەمانە بکات هەڵبەت هیچ چارەیەک بۆ کۆمەڵگەناهێڵێتەوە و دەبێت حسابی بۆبکرێت. دووەم چەمک، بریتیە لە ژینگە، زۆر گرنگە بۆ مرۆڤی سادەی کورد لەم چەمکە بە گرنگیەوە تێبگات و ئەرکی پاراستنی ژینگە بناسێت. چونکە خۆشەویستی ووڵات دەتوانرێ لە خۆشەویستی دارێکی سەرشەقامێکەوە پێناسە بکرێتەوە. پێویستە بەهەموومانەوە ژینگەی خۆمان بپارێزین، گۆڕانکاری جدی لەمێشکی خۆمان بەرامبەر بە دار و باخ و گوڵ و شەقام و کۆڵانو جێگەی کارەکانمان دروست بکەین، ئنجا دەتوانین ئەو گۆرانکاریە بەرەو پێشکەوتن ببەین. 
5. دەتوانم لەسەر بوارەکانی تریش هەمان شرۆڤە بکەم بەڵام کورد ووتەنی "مشتێک نمونەی خەروارێکە". ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەم چوار بوارە سەرەکیەیە: بەرێوەبردنی ووڵات، پەروەردەکردن، تەندروستی و ژن و ژینگە. بوارەکانی تریش خۆیان خۆرسکانە بەدوایاندا دێن.
6. بۆ پێشکەوتنی راستەقینە پێویستمان بە گۆڕانکاری راستەقینە هەیە، بۆ گۆرانکاریش پێویستمان بە مرۆڤی خاوەن رەوشت و رەوشی پۆزەتیڤانە هەیە، چونکە هەرخۆی، مرۆڤی نێگەتیڤ و داروخاو ووزەیەکی سارد و نێگەتیڤ دەگەیەنێت و رەوشێکی مت بوو دەخوڵقێنێت.
7. با ئەو پێشکەوتن و گۆڕانکاریە لە 'تۆ' وە دەست پێ بکات، رەوش و رەوشتی کار و هەوڵدانەکانتی بۆ بگۆڕە، دڵنیابە گۆڕانکاری و پێشکەوتنی راستەقینە بەچاوی خۆت دەبینیت. یەکەمجار لەخودی خۆتدا ئنجا دەوروبەر.

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك