کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

روخساری بارزانی چی دەردەبری؟‌



بارزانی کە دەستی بە بانگەواز بۆ ریفراندۆم کرد و پاشان لە هەموو کەرنەڤاڵەکانی پروپاگەندەکردن بۆی، زۆر لەکۆنترۆڵ و بەجەرگ و بگرە دڵخۆش دەرئەکەوت. من وام هەست ئەکرد کە لەراستیدا پەیمانێکی لە لایەکەوە پێ دراوەو، رەنگە ئەم جارە شتێک بە شتێک بکات، ئەگەر تەنها لەبەر ناو و ناوبانگی خۆی و بنەماڵەکەشی بێت. بەڵام سەرنەکەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم بەو شێوەیەی خۆیان حەزیان ئەکرد و بایکۆت کردنی ژمارەیەکی چاوەرواننەکراوی گەل، هاوتەریب لەگەڵ توورەبوون و هەڵوێست دەربرینی جدی دراوسێکان و لەسەروی هەمووشیانەوە بەغدا، بارزانی و ریفراندۆمچیەکانی تووشی شۆک کرد! بەتایبەتی کە ئێستا کار لەکار ترازاوەو ریفراندۆم کراوە و سەرکەوتوو نەبوو، عەبادیش پێی لە بارزانی لێ کردووە بەکەوشا و ئینزار لەسەر ئینزار بۆی ئەنێرێت، ئیتر بارزانی و جەماعەتی تووشی حاڵەتێک کردووە کە پێی ئەوترێت 'فرەسترەیشن' واتە تووشی حاڵەتی فش بوونەوە بوون، بەتایبەت کە عەبادی رێک و رەوان خستیە دەستیانەوە و رایگەیاند کە کار بە ئەنجامی ریفراندۆمەکە ناکات. ئێ خۆ ئەمان هەموو ئەوەی لە ریفراندۆم ئەیانویست ئەوەبوو کە هەفتەی داهاتوو دەنگەکان بکەنە تورەکەیەکەوە و بیدەن بە شانیاندا هەتا بەغدا و لەوێ داوای پارەو بودجەی زیاتر بکەن. لەهەمان کاتیشدا بەڵکو بەم فشارە مام دزی گەورەش بخەنەوە سەر کارەکەی خۆی! بەڵام وەکو گۆرانیەکە ئەڵێت، "ئەمیشم چوو ئەویشم چوو، بە جارێ ماڵی وێرانم".
من لە روخساری بارزانی ئەوەم خوێندەوە، کەسێکی زۆر خەمبار و بگرە کەم خەویش بێت، و کە ئیتر زۆری بۆ هاتبوو بپارێتەوە. نازانم بۆ، بەڵام لە دڵەوە خەفەتم خوارد و بەزەییم پیا هاتەوە. رەنگە هی ئەوەبێت کە هەستی مرۆڤایەتی لای من گەورەترە و بەدەست خۆم نیە کە مرۆڤێک ئەبینم بێ چارە ماوەتەوە دڵم تەنگ ئەبێت. هەرچەندیشە ئەو مرۆڤە بووبێتە هۆکاری دڵ تەنگکردنی ملیۆنەها مرۆڤی تر. خۆ هیچ نەبێت ساڵێک لەباوکیشم گەورەترە. خۆزگە بمتوانیایە بڵێم وەکو باوکم تەماشای ئەکەم و خۆزگەش ئاوای لە خۆی و لە گەلەکەم نەکردایە، منیش لە تەنیشت وێنەکەی ئاپۆی مەزن، وێنەیەکی ئەویشم دابنایە، هەزار خۆزگەی بێ سوود!!


كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك